پیرانشار له ته می میژودا

بەر لەوەى کە زەرتوشت بێتە دنیا، گەلانى ئێرانى و بە تایبەتى دانیشتوانى دەور و پشتى گۆلى ورمێ ئایینى 'مەزدا پەرستى'یان لە نێودا باو بووە و وەک ئامۆزایانى هیندى، مردوویان لە جێگایەکى تایبەتى دەسووتاند، کەوابوو خۆڵەمێشى نێو کوڵتەپە بەرهەمى سووتانى دار و دەوەن و تەرمى مردۆکانە. کوڵتەپەى گوندى 'سەرووکانى' لە ناوچەى لاجانى پیرانشار، یەکێک لەم شوێنە باس کراوانەیە کە بە بیری پیرانى بە ساڵاچوودا دێت کە زەمانێک جێگایەکى یەکجار ئاستەم بۆ هات وچۆ بووە و قامیشەڵێنێکى زۆرى لە دەوروپشت دا بووە. لەم شوێنەدا ئاسەوارى کۆنینەى زۆر بەنرخ دۆزراوەتەوە ...

دوکتۆر بەهمەن کەریـمى ساڵى 1311ى هەتاوى هاتۆتە لاجان و باسى کوڵتەپەى سەرووکانى دەکات و بە ناوى 'گوڵی تەپە'ى سەرووکانى ناوى دەبا.

 بەڵام سەبارەت بە ئاورگەکانى ناوچە وا باشە باسى ئاتەشکەدەى 'سەرى کوورە'ى ناوچەى مەنگوڕایەتى پیرانشار بکەین، کە بەرانبەر بە گوندەکانى 'سەڵۆس' و 'وەرمیشان' و لەم لاوە گوندى 'گولەک' هەڵکەوتووە. بەرزایى دوندى کێوى ئاورگەى سەرى کوورە دەگاتە 3600 میتر لە ڕێکى دەریاوە و سرنـجى هەر ڕێبوار و بینەرێک بۆ لاى خوى ڕادەکێشى. بەداخەوە فۆرمى سەرەکى و ڕاستەقینەى ئاتەشکەدەکە نەماوە و کاتى خۆى وەک تەندوور و کوورەى ڕەژى ساز کردن چووە.

ئێستاش لە بەرزایى ئەم جێگایە بەردى سووتاو هەر ماوە. بە گوێرەى وتەى تێکەڵاو بە ئەفسانە لە لایەن خەڵکەوە، هاوکات دەگەڵ لە دایک بوونى حەزرەتى موحەمـمەد(د.خ) و شکانى تاقی کەسرا، ئاورى ئەم ئاتەشکەدەیەش خامۆش بۆتەوە. سەرى کوورە جێگاى عیبادەت و ڕاز و نیازى گەورەکانى زەرتوشتى بووە کە کات و ساتى تایبەتى لە ساڵ بۆ بەجێ هێنانى ئایینى مەزهەبى و قوربانى کردن کۆ دەبوونەوە. یەکێک لە کەسایەتی یە مەزنەکانى دەورانى ساسانى بە ناوى 'کرتیر' لە سەر – تاشەبەردێک باسى تەواوى ئاورگەکانى ناوچە دەکات و دەڵێت:

من لە سەرانسەرى موڵکى ساسانیدا ئاورى ئاتەشکەدەکانى 'ئاتۆرپاتکان' ، 'میشان' و ...م گەشاوە ڕاگرت. ئایا ئەم ئاورگەیەى کە کرتیر بە ناوى 'میشان' باسى دەکات هەمان سەرى کوورەى خۆمان نیە کە لە نیزیک گوندى 'وەرمیشان' هەڵکەوتووە؟

با ئەمـجار باسێکمان هەبێ لە مەڕ گۆڕستانەکانى کەونى ناوچە.

سەبارەت بە شێوەى ناشتنى مردوو لە ڕۆژگارانى مێژوویدا دەبێ بڵێین لە هەر سەردەمێک دا ڕێ و ڕەسـمى تایبەتى خۆى هەبووە.

سەردەمێک کە ئایینى زەرتوشتى، بیر و باوەڕى مەزهەبى خەڵک بووە، گۆڕێکمان وەبەر چاو ناکەوێ. هۆى ئەوەیە کە زەرتوشتیەکان مردوویان بە خاک نەدەسپارد بەڵکوو دەیانسووتاند. کەوابوو گۆڕێکى زەرتوشتیمان نیە. دەستەیەک لە گۆڕەکانى ناوچە وەک سەردەمى ئێستا دەچن و کێلى قەبر بۆ نیشانە کردنى مردوو دیارى کراون.

لە نێو هەندێک لەم گۆڕانە کە بە هۆى با و باران یان کێشانى ڕێگا و بان لە ناخى گڵدا هاتوونەتە دەر، ئامرازى شەڕ و ئەرکان یان کەرەسەى خواردن دۆزراوتەوە. ئەم دەستە گۆڕستانە کۆنینانەى ناوچە هى سەدەى یەکەمى زایینین. لە نیوەى هەوەڵى سەدەى یەکەمى زاینیدا ڕێوشوێنى ناشتنى مردوو لە نێو کووپەڵەى گڵدا بۆتە باو. سەرى کووپە پاشان بە تاشەبەرد داپۆشراون و پیوڕێژ کراون.

هەندێک لەم کووپە گۆڕانە هى سەردەمى دووهەمى زایینە و جارى وایە لە نێویان دا کەرەسەى گڵى وەک قاپ و قاچاخ و... بیندراوەتەوە.

دەستەیەک لە گۆڕستانەکانى ناوچەى پیرانشار لە کۆنەوە بە ناوێکى تایبەتى ناسراون و فۆرمى قەبرەکان نیشاندەرى ئەم ڕاستیەن کە سەردەمێک گەلانى تر وەک غەیرى کورد و موسوڵمان لەم شوێنەدا نیشتەجێ بوونە وەک 'کێلە کونتێ' و 'قەبرە قۆج' لە گوندى زێوکەى لاجان، 'قەبرە فەلە' لە گوندى سێڵوێ، کێلە سپى' لە گوندى دەڵاوان، 'گردى قەبران' لە کوندرێ، گۆڕستانى 'نوزەڵێ' لە گوندى پەسوێ و گردى قوببە ...

ئینجا با باڵى بەرزەفڕى خۆمان بەرەو سەردەمێک لێک بدەین کە ئەم ناوچەیە بە ناوى 'پارسوا' ناسرابوو. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ: قەومى پارس لە ڕەوتى هاتنیان بۆ ئاسیای نێوەڕاست و مێزۆپۆتامیا (بین النهرین) و کوێستانەکانى زاگرۆس لە ناوچەى پارسوادا نیشتەجێ بوون. مینۆرسکى ڕۆژهەڵات ناسى بەناوبانگ دەنووسێ: بە بیر و ڕاى من پارسوا دەبێ هەر ئەم جێگایە بووبێت کە ئێستا پێى دەڵێن 'پەسوە' یا 'پەسوێ.

پەسوێ ناوى گوندێکى گەورەى ناوچەى لاجانە و وێدەچى ئەم گوندەش لە 'پارسوا' ڕا هاتبێ بە تایبەت کە شوێنى پەسوێ و وڵاتى پارسوا یەک دەگرنەوە.

کاک مەحـموود پێدرام سەبارەت بە ناوى ئەم گوندە بیر و ڕایەکى جیاوازى هەیە و دەڵێ: دە زمانى کوردىدا دەتوانین (س) لە جیگاى (ش) بە کار بهێنین و بڵێین پەسوێ یان پاشوێ بە ماناى پاش ئەوێ 'قەڵاتى شا'یە و دەگەڵماناى پارسوا کە تەنیشت و کەنار دە مێشک دا زیندوو ئەکاتەوە، یەک دەگرنەوە. ئەڵبەتە ئەوە بیر و بۆچوونى کاک مەحـموودى پێدرامە و بەڵگەى مێژوویى لە دەست دا نیە، ئەگینا گوندى پەسوێ و قەڵاتى شا ئێستاش لێک دوورن و بە تایبەت ئەودەم کە وەسیلەى هات وچۆ وەک ماشێن نەبووە ...

بەڵگەکانى مێژوویى لە بوونى وڵاتەکانى 'مێهرى' و 'کاراڵا' لە سەرچاوەى چۆمى 'زێ'دا ئاگادارمان دەکا کە دەکەوێتە لاجانى ئێستا و بەتایبەتى ناوچەى 'بەربنە'ى لاجان. ئەم دوو وڵاتە بچووکە دەگەڵ پارسوا هاوسنوور بوونە.

'ئاشۆر بانیپاڵ' لە پێنجەمین هێرشى خۆىدا بۆ وڵاتى پارسوا باسى داگیر کردنى چەندین قەڵا و شار لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى مانایى دەکا و دەڵێت: من بەردەوام هەشت شار و ناوچە لە وانە 'قەڵاى بۆشتۆ'م داگیر کرد و پاشان شارى 'شوردیرا'م سەرلەنوێ لە چەنگ نەیاران دەرهێنایەوە. کاک مەحـموود پێدرام قەڵاى بۆشتۆ بە 'قەڵاتى شا' لە ناوچەى سەرشاخانى لاجان دەزانێ و شارى شوردیرا بە گوتەى ئەو شارێک بووە لە سەرچاوەى چۆمى زێى بچووک'دا. بەڵگەکانى مێژوویى باسى پەلامارى 'سارگۆنى دووهەم' شاى دەوڵەتى ئاشۆرى بۆ ئەم ناوچەیە دەکات. سارگۆن لە نێوان ساڵەکانى 722 هەتا 705ى بەر لە زایین دا حکوومەتى بە دەستەوە بووە. مێژوو لەم بارەیەوە دەڵێ: سارگۆن لە مووسڵ ڕا بەرەو ئێران هات و لەشکرى کێشایە ئەم خاکە. لە ڕەوتى ئەم لەشکرکێشانەدا خەڵکى وڵاتى مانایى ئارد و شەڕاب و کەل و پەلى ترى پێداویستى ئەوانیان دابین دەکرد. سارگۆن لە سولەیـمانى کوردستانى ئێراق تێپەڕى و گەیشتە چۆمى زێ یە. لەم چۆمە پەڕێوە و ئەمـجار لە شوێنیکى کە ئێستا بە ناوی پەسوێ و لک بن و مەیدان ناسراوە، چل و دوو کەس لە سەرکردەکانى عێل و وڵاتەکانى بچووکى ناوچەى بە خزمەت گەیشت و سەرجەم سارگۆنى دووهەمیان بە مەزن و سەرکردەى خۆیان قبووڵ کرد. هەروەها خەڵات و زێڕ و ئەسپ و کەرەسەیەکى زۆریان پێشکەش کرد. سارگۆن فەرمانى دا لە سەر دیوارى قەڵا و قەڵاتگەکان ئاڵاى سەرکەوتن بچەقێنن و هەروەها لە کەنار شارى 'لاتاش' کە دەکەوێتە نێوان پەسوێ و مەهابادى ئێستا و لە تەنیشت 'قەڵاى سینى هینوو' واتە قەڵاتى پەسوێ' ، 'ئوللۆسۆنۆ' شاى دەوڵەتى مانایى بەخشى.

ئوللۆسۆنۆ لە لایەن سارگۆنى دووهەمەوە کرابوویە شاى مانایى، بەڵام پاشان لە ئەمر و فەرمانى ئەو دەرچوو تا ئەوەى کە لەم هێرشەدا سەرلەنوێ هاتەوە ژێر فەرمانى سارگۆن.

 بەڵام لە سەردەمى هاتنى سپاى ئیسلام، ناوچەى ئێستاى پیرانشار بە ناوى 'سەڵڵەق' دەناسرا و لەم شوێنەدا کوردەکانى 'هەزبانى' نیشتەجێ بوون کە پاشان بە ناوى 'ڕاوەندى' و 'ڕەوادى' هاتنە ئارا. پاش ئەوەى کە وڵاتى کوردستان و ئازەربایـجان لە دەست خەلیفەکانى عەبباسى هاتەدەر و هاروونەڕڕەشید هاتە سەرکار، ئیبڕاهیم ناوێکى کردە وەزیر. ئیبڕاهیم لە پاشان هاتە لاجانى ئێستا و دەگەڵ کچى حاکمى ئەودەمى گوندى قەڵاتى مووتاوێ زەماوەندى کرد و کوڕێکیان بوو بە ناوى 'دەیسیم.'

دەیسیم تەواوى ئازەربایـجان و کوردستانى خستە ژێر چاوەدێرى و پاشان دەگەڵ دەیلەمى و لاهیجانیەکانى ئێستاى باشوورى ئێران، تێکەوت بەڵام بە هۆى خەیانەتى سەرکردەکان، نەیتوانى سەرکەوێ و ناوچەى ئێستاى لاجان کەوتە دەست ئەوان.

وێدەچێ ناوى 'لاجان' یان 'لاهجان' لە لایەن دەیلەمى و لاهیجانیەکانەوە داندرابێ. ئەویش بە هۆى زەنوێر و سەرسەوز بوونى ناوچە، ئەگینا لاجان و لاهجان بە مانای شوێن و جێگاى پەروەردەکردنى کرمى ئاوریشمە و دەگەڵ تایبەتـمەندىیەکانى ئەمڕۆ و ئەودەمى لاجان یەک ناگرێتەوە.

حوسێن حوزنى موکریانى دەنووسێ:

ساڵى 429ى کۆچى ئۆغۆزەکانى پێشڕەوى سڵجووقیەکان، هێرشیان هێنایە سەر عەشایرى هەزبانى بەڵام سەرنەکەوتن. ئۆغۆزەکان دەیان دەست درێژى تریشیان بۆ هەزبانیەکان هێنا و ئێستاش ناوى گوندەکانى 'گردى مرادبەگى' ، 'قوباد بەگیان' ، 'بەستام بەگ' ئۆغەن و ... یادگارى ئەو سەردەمە هەرماون.

ئۆغۆز لە لایەن خەڵکى ناوچەوە بە ناوى 'تورکە ڕەشە' ناسراون و هەروەک دەزانین سڵجووقیەکانیش تورک زمان بوون.

لاپەڕەکانى مێژوویی پیرانشار یادگارى سەردەمى ئیسلام و سوپاى عەڕەبەکانیشى پێوە دیارە. پتر لە 300 چاک و پیر و شەخس و نەزەرگەى ناوچە، شاهیدى زیندووى ئەم ئیددیعایەى ئێمەن. بەڵگەیەکى مێژوویى سەبارەت بە هێرشى سپاى ئیسلام بە سەرکردایەتى 'خالیدى کوڕى وەلید' بۆ ناوچەى پیرانشار و گوندى شارستێن لە ناوچەى مەنگوڕایەتى ئاگادارمان ئەکا و هەروەها لە بوونى قەڵاى پتەوى ئەم گوندە و شاى وڵاتى مەنگوڕایەتى 'مەنـجوورات' دەدوێت. بە یەک وتە گوندەکانى 'گردڕەحـمەت' و 'گردشەیتان' شاهیدى شەڕى نێوان سپاى ئیسلام و کوردەکانى هەزبانى لە لایەکى ترەوە بووە ...

ئەمـجار با ڕۆچنێک بکەینەوە لە دەریای فۆلکلۆر و پەنا بەرینە بەر بەیتەکانى کوردى.

ئەگەر سەیر بکەینە بەیتى 'برایم و مەحـمەڵى دەشتیان'، ناوى 'چەلیان' وەبەرچاو دەکەوێت. بە پێى دەقى ئەو بەیتە میر زۆرابـخان حاکمى شارى چەلیان بووە کە بە هۆى پیرى و بێ دەسەڵاتى حوکماتى داوەتە دەست پەریـخانى کچى.

پەریـخان زۆر بە زیبک و زاکوون بووە و لە هەمان حاڵیش دا زۆر کەیفى لە پیاوان هاتووە. تا ئەو ڕادەیەى کە ڕێبواران و کەسانێکى کە خۆشى لێیان دەهات، بانگی دەکردنە دیوەخان و داواى دەست تێکەڵ کردنى لێ دەکردن. ئەگەر کابرا ڕازى بوایە ئەوە هیچ، ئەگەر بەرهەڵستى کردبوایە، فەرمانى دەدا لە نێو چیغ دا بیسووتێنن.

سەرەنـجام پەریـخان دەگاتە مەحـمەڵ ناوێک کە بۆ فرۆشتنى مەڕ و ماڵات دێتە شار. پەریـخان خۆشى لێى دێت و لە دوایدا ڕەگەڵى دەکەوێ ...

ئێمە لێرەدا مەبەستمان لێکدانەوەى فۆلکلۆرى نیە، هەر بۆیە سرنـجى خوێنەرانى تامەزرۆ بۆ شریتەکانى تۆمارکراو یان کتێبى 'توحفەى موزەففەرییە' نووسراوى ئۆسکارمان ڕادەکێشین.

خوالـێخوشبوو مامۆستاى پایەبەرزى کورد، هێمن شوێنى ڕووداوەکە دەباتە ناوچەى سەردەشت و گوندى بێژوێ. بەڵام بە پێى سەفەر و لێکۆڵینەوە و چاوخشاندن بە سەر نێوەرۆکى بەیتى برایم و مەحـمەڵى دەشتیان و هەروەها بەراورد کردنى لەگەڵ ڕاستەقینە، بۆمان ڕوون بۆوە کە شوێنى ڕوودانى ئەم بەیتە، نزیک گوندەکانى سێڵوێ و گردى کاولان و بە گشتى ناوچەى بەربنەى لاجانى پیرانشارە. وا ئاماژە دەکرێ کە حاکمى شارى چەلیان میر زۆرابـخان بووە و مەحـمەڵ پاش هەڵگرتنى پەریـخان پەنا دەباتە ئەشکەوتى بێشوێ ...

ئێستاش لە بەربنە ئاسەوارى شارى 'قەرە چەلیان' و 'قەڵاى میر زۆرابـخان' و 'ئەشکەوتى بێژ و بەرانان' (بێشوێ) هەرماوە. کەوابوو وا باشە هەڵەى خوالـێخۆش بوو کاک 'عەلى حەسەنیانى'ش ڕاست بکەینەوە کە شوێنى ڕوودانى ئەم بەیتە بە بێ بەڵگەیەک و تەنیا بە بیر و بۆچوونى خۆى بە ناوچەى شاروێران و گوندى دریاز دادەنێ.

 سەرەڕاى ئەوانە زۆر بەیتى ترى کوردیـمان هەیە کە ناوچەى پیرانشار دەگرنەوە وەک:

کانەبى، خەج و سیامەند، هەمزاغاى مەنگوڕ، کاک باپیری مەنگوڕ، شێخ ڕەش و شێخ مەند، سوارۆ، پایزە، ئازیزە و چەندى تر.

مێژووى ناوچەى پیرانشار لەگەڵ ناوى بڵباسیش تێکەڵاوە. بڵباس مەبەست ناوى پێشووى عەشایری پیران و مەنگوڕ و مامەش لە ئەم دیو و ئەو دیوى کوردستان لە ناوچەى پیرانشاردا بووە. شەرەفنامە سەبارەت بە بڵباس دەنووسێ: عەشیرەى ڕۆژەکى بریتى لە 24 تایفە لە ناوچەى خوێت کۆبوونەوە و دوازدەیان 'بڵباس' و دوازدەى تریان بە ناوی 'قوالیس' جیا بوونەوە. ئەم سەرچاوەیە ئیتر باسى ئەوە ناکات کە ناوى بڵباس لە کوێڕا هاتووە و بە چ مانایەکە.

یەکەم سەرچاوە کە ناوى بڵباسى تێدا هاتووە قوڕئانێکى دەس نووسە کە ئاماژەى بە ناوى 'مەنسوور کوڕی سادقى بڵباسى' کردووە ...

بڵباسەکانى هەردوو دیوى سنوور پەیـمانى هاوکارى ناوچەییان بە یەکەوە بەستبوو. ئەم هاوکارىیە ساڵى 1209ى هەتاوى لە لایەن میر مـحەمەد، میرى گەورەى سۆران لە ڕەواندز هەڵوەشایەوە. بڵباسەکان بە دەیان جار لە لایەن دەوڵەتەکانى ناوەندى ئێران و عوسـمانى و میرانى بابان و ئەردەڵان و سۆران و موکرى پەلامار دراون، بەڵام لە هەرکات دا وەک هێزیکى بەرگرى، خۆیان نواندوە ...

ناوچەى پیرانشار رووداوگەلى زۆرى بە خۆوە بینیوە. لێرەدا تەنیا چەند ڕووداوى گرینگیمان هەڵبژارد کە دلۆپێک لە دەریا بوو، ئەگینا تەنانەت بڵباسەکان مێژوویەکى تایبەت بە خۆیان هەیە ...

سوپاس بۆ کاک سه‌عیدی عه‌بدی

ئه‌و نوسراویه‌ له گۆڤاری مه‌هاباد وەرگیراوە

–––

سەرچاوەکان:

1- هاوکارى ئیدارەى میراسى فەرهەنگى ئوستان.

2- آذربایجان در سیر تاریخ ایران – رئیس نیا، ج 1 و 2.

3- ایرانویج – دکتر فره وشی، 1370.

4- سرزمین زرتشت، علی دهقان، 1348.

5- راه های باستانی و پایتخت های قدیمی غرب ایران، دکتر کریمی، 1329.

6- آپار باستانی آذربایجان، اسماعیل دیباج، 1345.

7- تمدن مهاباد، محمود پدرام.

8- تاریخ ماد، ا.م، دیاکونوف، ترجمه ی کریم کشاورز، 1357.

9- تاریخ ایران باستان – ا.م، دیاکونوف، ترجمه ی روحی ارباب، 1346.

10- کوردستانی موکریان – حوسێن حوزنی موکریانی، ، 1928.

11- فتوح سواد العراق، محمد بن عمر واقدی، ترجمه ی عبدالعزیز واعظی سردشتی، 1374 تهران.

12- تحفه مظفریه، اسکارمان، برلین 1905، به کوشش هێمن.

13- شاری وێران، عەلى حەسەنیانی، انتشارات ێلاح الدین ایوبی.

14- ژیناوه ری زانایانی کورد، محمد صالح ابراهیمی، 1364.

15- سەفەر و لێکۆڵینەوە لە ناوچەکانى شارستانى پیرانشار لە لایەن نووسەرى وتارەوە.

/ 0 نظر / 62 بازدید