مه لا باقی واعیزی

مه لا باقی واعیزی

مەلا باقی کوری مەلا عەزیزی کۆیە. ناسراو بە مەلا واعیزی کۆیی کەسێکی عالم و زانا و بەتەدبیر بوو، زۆرجار لە یەکێک لە شەقامەکانی شار نایلۆن یا کارتۆنی ڕادەخست و کتێبی ئیسلامی و ئەو کتێبانەی کە بۆ خۆی خوێندبوونیەوە دەیفرۆشتنەوە. نەمر کاک مەلا باقی، مرۆڤێکی بە هەست و سۆز و نیشتمانپەروەر بوو، دڵێکی قائیم و نەترسی هەبوو، کەم کەس دەیوێرا خوار چاو لە ساواک و شا و دارودەستەکەی بکات، بەڵام مەلا باقی ئەگەر تووشی کەسێکی دەوڵەتی بایە ئەوە دەیگووت تەرەس، شا قورم ساخەکەت تەرەسە، بە تەکان دانی دەستی تەنانەت بەرامبەر پادگانی سەردەشت لە شاژنی ئێران دەژەنی و جنێوی بە شای ئێران دەدان، هۆکارەکەی هەرچی بوو بێ، نەمدەزانی، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت ئاشقی مەلا مستەفا بارازانی نەمر بو، نسکۆی ١٩٧۵ ی زائینی و چەک داماڵینی هێزی بارزانی و پارتی کاریگەری لە سەر مەلا باقی هەبوو ئەوەی بۆ تەحەموول نەدەکرا. لە کاتی ڕاپەرینەکان دا لەپێش هەموو بەشدارانەوە، دەبوو، زۆر جار بۆ خۆی مێرمنداڵ و گەنجەکانی کۆ دەکردنەوە شێعری نیشتمانی بۆ دەخوێندنەوە و دواتر بە درووشم دان بە شەقام دا دەهاتنە خوار، یەکێک لە درووشمەکانی مەلا باقی ئەوە بوو: " بژی کوردی عێراقی مامۆستا مەلا باقی" و دواتر دەستی بە درووشمی دیکە دەکرد. زۆرجار لەبەر دەم قوتابخانەکانی ١۴ سەرماوەز و شەهید ئاوارە چاورەوانی پشوو و یا تەعتیل بوونی قوتابیەکانی دەکرد و لەوێ را بە درووشم دان دەیهێنانە نێو بازاری. کەم دەستی دەوەشاند، بەڵام ئەگەر کەسێکی دزێوی دیتبا، ئەوە دارکاریەکی چاکی دەکرد و دواتر دەیگووت تەرەس برۆ چیت دیتوە بۆ گەورەکانتی بگێرەوە مەبەستی ساواک و ژاندارم و پاسەبان بوون. زۆربەی ڕۆژەکان لە بەرامبەر پادگان وەک باوکی ڕەحمەتی خەریکی نیشتوو نووسین دەبوو، کتێبی دەفرۆشتن، قەڵەم و دەفتەر و بنێشتی کوردی دەفرۆشت، ئەگەر کەسێک پووڵی پێ نەبا دەیگووت کورم هەڵی گرە و جارێکی دیکە شتێکمان بە پووڵی خۆت لێ بکرە، شاری سەردەشت بەو کەسایەتی‌یانەوە جوان بوو، مخابن کاک مەلا باقی وەک پەپولەکانی دیکەی شاری سەردەشت لە ٧ ی پووشپەری ساڵی ١٣۶۶ ی هەتاوی بە شیمیابارانی حکوومەتی نگریسی سەددام و بەعس شەهید دەبێ و هەموو نووسینەکانیشی تێدا دەچن، هیوادارم کە خزم و کەس و کارەکانی کۆکراوەی نووسینەکانی بکەنە بەرهەمی ڕەنج و زەحمەتی ئەو نەمرە و بیکەنە توێشووی لاوانی شار و ناوچەکە، ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.

مافی بو نو سه ری به ریزی پاریزراوه

/ 0 نظر / 21 بازدید