حەسەن و وسێن

"حەسەن و وسێن"
دەتکوت گوریسی نێو هەنبانەن.جێی رێک و راستیان ریخۆڵەیان بوو. سەریان بۆ لایوکی دەڕۆیی ... بۆ لایەکی.لە سەر ئەو چەپ و چوێڕییەشیان را، هەتا بڵێی خوێنتاڵ و بێ دم و لووت بوون.دەت کووت کەکرەن.
دوورەپەرێز بوون. نە هاموشۆی کەسیان دەکرد و نە کەسیش دەرکەی لێدەقەڵاشتنەوە.پەڵە زەوییەکی زۆر باشیان لە دم چۆمی هەبوو،کردبویانە وێنجە و پێی دەژیان. چاو لە دەست نەبوون. هەر بۆیەش زۆر تێکەڵاوی خەڵکی نەدەبوون.
زلکوێر بوون. موی سپیان لەماستی دەردەکێشا؛ بەڵام کەڵیان لە دوو شەقاوی خۆیان نەدەدی. زۆر هەڵدەکەوت روتەڵەی دە قۆشمە لە بەر چاوی وان خۆیان دە باخچەی رۆدەکرد و بێستانیان لێ قیچکە بڕ دەکردن و نەیاندەزانی، دوایە یەکتریان تاوانبار دەکرد و تێکیان هەڵدەپێچا...
قەت لێک هەڵنەدەبڕان. نە وێکیان هەڵدەکرد و نە بێ یەکیان هەڵدەکرد. دایمەش لێک لالووت بوون؛ بەڵام چونکە ژنیان نەبوو ناکۆکێکەیان زۆر قوڵ نەدەبۆوە، هەر بە دەنگ لێک گۆڕینێکی دەبڕاوە.
بێستانیان دەکرد:(شوتی، کاڵەک، خەیار، تەماتە و...). هەر کە کاڵەک و شوتی خڕەکە دەبوون بۆ وەی کەس نەیانبینێ بە پووش و پەڵاشی دایاندەپۆشین، دەنا وەبن گڵیان دەدان؛ بەڵام قەتیان لێ نەدەخواردن. لێدەکرانەوە. لە سەرئەوەش لێیان دەبووە هەڵڵا، بە سەر یەکتریان دا دێنا و لە رقی یەک بە کاڵی دەیانڕنین. زانیان بێ فایدەیە وازیان لە کاڵەک و شوتیان هێنا. هەر خەیار و تەماتەیان دەکردن. خەیارەکە باش بوو هەر نەبێ بە قیچکەکانیانوەبەر دەکەوتن!
رۆژێکی نیوانیان زۆر تێک دەچێ، هاوار بۆ مەلای دێی دەبەن: مامۆستا وەرە ماڵە خۆن بۆ بکە. ماڵ چ ماڵ! تاقە دیوێک و دوو پەتۆ شڕە و دوو قاپ و دوو ئیستکان و پیاڵە وکەتری و چادانێک و حەلادینێک. (هەمووی باری جاشکێکی دوو ساڵە نەبوو.)
مامۆستا دەیهەوێ پێکیان بێنێتەوە، پێک نایەن. ماڵیان لێ بەش دەکا. هەر یەکە و شتێک و حەلادین دەمێنێتەوە. نازانێ بیدا بە کێهەی، لەتیش ناکرێ، ناچار دەڵی: ئەو حەلادینە هەرتکان گەرم دەکاتەوە با لە نێوەڕاستێ بێ. رازی دەبن و بۆ دیوەکەشیان دوو سینگان لە نێوەڕاستێ دەکوتێ و گوریسێکی رایەڵ دەکا و دەیکاتە دوو. ئەوجار لە سەر خوارێ و سەرێ پێک نایەن، هیچیان بە لای دەرکەی رازی نابن. ناچار بۆیان دەکاتە نۆبە و مانگێ جارێک جێ گۆڕکێ بکەن.
ماوەیەک پێوە دەخورێ کەس خۆیان لێ وەخەبەر ناهێنێ هەتا بۆ خۆیان نێوانیان خۆش دەبێتەوە، بەڵام ماڵیان هەر جوێ دەبێ. رۆژێکی، پاش نوێژی شێوان، مامۆستا کە لە مزگەوتێ دەگەڕێتەوە، بە بەر دەرکەیان دا رادەبری دەبینێ ۆرتە و بۆڵەیانە. گوێ هەڵدەخا دەگەڵ وییانە: خۆی پێ پەپوولەیە! نوێژانیش دەکا! ماڵی لێ جوێ کردووینەوە؛ بەڵام ئەوەندەی ویژدان نییە رۆژێکی بێت و بڵێ، ئاخە بابە ئانگۆ بران، بۆ دەبێ ماڵوو جودا بێ؟ چ بووە؟ ماڵ کێشەشی تێدا دەبێ، دڵ هێشآوێکیش دەبێ. دێم و دەڵێم دا وەرن یەکتری ماچ کەن دەی!
مامۆستا کە بەو باس و خواسەی دەزانێ لێیان وەژوور دەکەوێ و گوریسەی هەڵ دەوێزنێ و شڕە و بڕەی لێک دەداتەوە و ماڵ تێکەڵ دەبێتەوە.
بێکەس نەبوون ؛ بەڵام کەس خۆی لێ بە سەحەب نەدەکردن. هەتا مردن کەس نەیکوت ئەرێ خەڵکی کوێن؟
 رۆژ دێن و رۆژگار رادەبرن. جووتە برا هەر بەو قەرارەی شەو و رۆژان پێکەوە گرێ دەدەن. هەتا شەوێکی ئەستێرەی بەختی حەسەن دەیداتە کزی و دەرد و مەینەتان بۆ بۆ وسێنی بەجێ دێڵێ.
خەڵکی دێی کۆ دەبنەوە و دەبنە شەریکی برا چکۆڵە و برا گەورەی کفن دەکەن و لە سەر شانان بەرەو گۆڕستان وەڕێ دەکەون و بە خاکی دەسپێرن؛ بەڵام لە خزمان کەس دیار نییە!
خەمی لە دەستدانی حەسەن، وسێنی بە جارێک دەڕووخێنی. بە جۆرێک کە تووشی نەخۆشێی دەکا و دە جێی دەخا.
رۆژێک خەبەر لە خزمان دەنێرێ و دەڵێ: بە خزمان بڵێن حەسەن مرد و کەس لێی نەپرسی، ئەمنیش نەخۆشم وا خەریکە بە جێیان دێڵم. پێم خۆشە هەتا نەمردووم بێن گەردنی خۆمیان پێ ئازا کەم و ئەو مڵک و ماڵەش یەکلا کەمەوە.
خەبەرێکی خۆش بۆ خزمان. خاڵ و خوارزا و پورزا و ئامۆزا و سەد ئەم زا و ئەوزای دە دی، وەک شارە مێروو رێچکە دەبەستن و بە خاڵە گیان و کاکە گیان بە دەم بانگەوازەکەی وەدێن و کۆزیلکەی لە دەوری دەبەستن و ژوورە قورماوییەکەی حەسەن و وسێن وەک "وەتاغی قەرەنی ئاغای مامەش" هەر زرمەی دێ.
لە سایەی دەستی پڕی میوان و کابانی لێزان نیوەڕۆ خوانێکی قەڵەو ساز دەکرێ و وسێنی کڵۆڵ بۆ یەکەم جار هەست بە بوون و مانای ژیان دەکا؛ بەڵام ئەوە نابێتە هۆی پاشگەز بوونەوەی وسێن لە بڕیارەکەی. بۆیە دەڵێ: برالە دەزانم بە هاواری منەوە نەهاتوون. تەماعی ئەوەندوکە مالەی من ئەوەی هیناوەتە ئیرە؛ بەڵام بە زاتێ خودای نایەڵم بیخۆن. وەک ئەنگۆ بۆ من نەبوون نایەڵم ئەو ماڵەش بۆئێوە بێ. هەر سبەی دەچم بە سەنەد و قەباڵە دەیدەمە ئەوقافی، نەچن دڵی خۆوی پێ خۆش کەن!
خزم کە دەزانن قەباڵە بە تاڵە؛ قەلفڕی لێ دەکەن و دەست لە چۆکان بەرەژێرتر یەک یەک و دوو دوو بڵاوەی لێدەکەن و دیسان خەڵکی دەور و بەری لێی دەبنە خزمی پشتێ و بە دەستی خەڵکی دێی کفن و دفن دەکرێ و لە تەنیشت حەسەنی برای جێی بۆ دەکەنەوە.

پیرانشهر - شفیع بخته

/ 0 نظر / 26 بازدید